شاعیر: پیرەمێرد
کتێب: پەندەکانی پیرەمێرد
سەرناو: دیسان خومخانەی یەهوودی شێوا
لەبارەی شیعر: پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٤٨٦. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

دیسان خومخانەی یەهوودی شێوا
درۆی باڵداری لێکەوتە هەوا

دەوەن با ئاشە و دووبەرەکییە
پیر، لێی تەریکە تیا دەرەکییە

یەکێ بە گورزی لەندەهوور ئەخوڕێ
نان و دۆی تیرەی شێرزادی دەبڕێ

ئەویتر دەڵێ: لەندەهوور کێیە
شێرزادی نامەی فەتحیان پێیە

شەڕی عەنتەر و ڕۆستەمی دەستان
لە ناو ئێمەدا بوو به‌ داستان

یەکێکیش دەڵێ لای خودا و بەندە
سوورەتی "یاسین" گەلێ پەسەندە

خۆ ئەگەر "یاسین "طە"ی لە دوا بێ
کە خوێندت ئەبێ کارت ڕەوا بێ

کابرای خۆمان سەر مەلامانە
بەو حەل ئەکرێ ئەم ڕازی نیهانە

ئەڵێ: بە هیوا کەس لێت ناپرسێ
دەنگی تۆپ نەبێ هیچ کەس ناترسێ

حاجی "ئەمین"یش ماچۆ بواچە
نوێژی جەعفەری و تشریبی پاچە

منیش ئیمانم بەوە مەتینە
عالمی بەکار دائیم ئەمینە

وتیان: مەلا هات، وتی: بە تۆ چی
وتیان: تێپەڕی! وتی: بە من چی

پارەی دەوڵەمەند لە قاسە دەنوێ
فەقیر لێی ئەدوێ تا چەنەی ئەسوێ

وا دەزانن ئەو یا ئەم بێتە ناو
ئیتر بۆ ئێمە تێر پڕە لە چاو